گرافیک دیزاینەر Graphic Designer
گرافیک دیزاینەر بەچەندین ڕێگا و بیرۆکەی جیاواز دەتوانێت توخمە بینراوەکان ڕێکبخات بەڵام لەپێناو گەیاندنی کاریگەری پەیام نەک حەز و ئارەزوو، کۆمەڵێک ێکەوتننامەی جیهانی هەن گرافیک دیزاینەر پێویستە ڕەچاوی بکات، لەگەڵ ئەوەدا هەرکات گرافیک دیزاینەر دەتوانێت ئەو ڕێکەتننامانە بشکێنێت بەڵام کاتی زۆری دەوێت تاوەکو مێشکی بەکارهێنەر وەری بگرێت و بیناسێتەوە، کەواتە پێویستە گرافیک دیزاینەر سنورداری کۆگای مێشک و لەیادمانەوەی مێشکی مرۆڤ و ڕێکەوتننامە جیهانییەکانی دیزاین لەچاو بگرێت سود لەو چارەسەرانە ببینێت کە پێشتر بۆ کێشەیەکی دیاریکراو جێگیرکراون و هەوڵبدات داهێنان لەناو سنورەکاندا بکات، بۆ نمونە ئایکۆنی زیادکردن لە کاتی دیزاینی ڕوکاری ئەپی مۆبایل گەر بگۆڕدرێت بە شێوازێکی ناستاندارد ئەنجامدانی ڕێسکە کە واداکات بەکارهێنەر کاتێکی زۆری بوێت بۆ ناسینەوە. گرافیک دیزاینەر دوو ڕۆڵی هەیە یەکەم: وەرگرتنی زانیاری پوختە لە کڕیار تاوەکو لە مەبەست و ئامانجی دیزاینەکە تێبگات، دووەم ئەنجامدانی کارەکە ئەویش بە داڕشتنی بیرۆکەیەکی کاریگەر.
یەکێک لە ئەرکەکانی گرافیک دیزاینەر بریتییە لە چیرۆکبێژی ( Storytelling) بۆ دروستکردنی هەستکردن بە جیهانی ڕاستەقینە لەناو دیزاین ئەویش بەتێکەلکردنی وێنە و نوسین و بە چەندین ڕێگا بۆ دروستکردنی واتا، گرافیک دیزاینەر پێش دەستپێکردن پێویستە لە کڕیار و بینەرەکانی تێبگات تاوەکو بتوانێت چیرۆک و پەیامی کۆمپانیاکە بە باشی بگیەنێت، بۆ نمونە ئایا چیرۆکی کۆمپانیاکە، گاڵتە ئامێز، فەڕمی، دێرین ... هتد بێت ئەو کات بۆ هەریەکێکیان پشت بەڕێگای جیاواز دەبەستیت بۆ دروستکردنی چیرۆک و گەیانی بە بینەر.
لە دیزایندا وشەکان سنوردارن بۆ ئەم مەبەستە دەتواندرێت بە بەکارهێنانی وێنە زۆر واتا دروستبکرێت بە بە سود وەرگرتن لە شێوازی میتافۆر( لێکچواندن ) و هێماگەری( سیمبۆلیزم)یان هەر ڕێگایەکی تر .
کۆمێنت بنوسە